٢٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦
کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان (KNC) بە بۆنەی هەڵبژاردنی زانا و مێژوونووسی کورد، عەبدولڕەقیب یوسف، وەک سێیەمین وەرگری خەڵاتی جەماڵ نەبەز بۆ ساڵی ٢٠٢٦، گەرمترین پیرۆزبایی خۆی پێشکەشی دەکات.
بەپێی ڕاگەیاندنی دەزگای جەماڵ نەبەز، ئەم خەڵاتە بە ڕێزلێنان لە خزمەتە زانستییەکانی عەبدولڕەقیب یوسف لە بواری لێکۆڵینەوەی مێژوو، کولتوور و میراتی نەتەوەیی کورد و پاراستنی شوێنەوارە مێژووییەکانی کوردستان پێشکەش دەکرێت.
کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان پێزانینی خۆی بۆ ئەو هەوڵە زانستییانە دەردەبڕێت کە یارمەتیی ناسینی ڕابردوو، ڕوونکردنەوەی هۆکار و ئەنجامەکانی ڕووداوە مێژووییەکان و بەهێزکردنی تێگەیشتنی نەتەوەی کورد لە پێگە و داهاتووی خۆی دەدەن.
هەروەها سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی دەزگای جەماڵ نەبەز و کۆمیسیۆنی خەڵاتەکە دەکات بۆ بەردەوامییان لە ڕێزلێنان لە خزمەتگوزارانی زانست و زیندووڕاگرتنی میراتی د. جەماڵ نەبەز.
ئەم بۆنەیە بۆ کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان مانایەکی تایبەتی هەیە؛ چونکە د. جەماڵ نەبەز، وەک بیرمەندێکی هزری سەربەخۆیی کوردستان، لە ساڵی ١٩٨٥دا لەگەڵ هاوڕێ و هاوبیرەکانی کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستانی دامەزراند. یاد و میراتی ئەو بۆ ئێمە پەیوەستە بە ئامانجی سەروەریی نەتەوەیی و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان.
کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان
Kurdistan National Congress (KNC)
بۆ زانیاریی زیاتر:
دەزگای جەماڵ نەبەز – ڕاگەیاندنی خەڵاتی ٢٠٢٦: https://jemal-nebez-foundation.org/pid_697244/pid_757236
ماڵپەڕ و ئەرشیفی زانا عەبدولڕەقیب یوسف: https://www.abdulraqib.net
